ناوهڕۆك
ترشە باران
ئەگەر دابارین (باران یان بەفر یان تەرزە) ڕێژەیەکی زۆر لە ترشە ماددەکانی پیسبوونی هەوای تێدابێت ئەوا ناودەبرێت بە ترشە باران، کە پەیدا دەبێت لە ئەنجامی سووتاندنی ئەو سووتەمەنیە هەڵکەندراوانەی کە دوانۆئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین بەرەڵڵا دەکەنە ناو بەرگە هەوا، ئەو ئۆکسیدەنەش لەگەڵ ئاوی بەرگە هەوادا یەک دەگرن و ترشەکانی گۆگرد و نەتریک دروست دەکەن بە شێوەیەکی خراپ کاردەکەنە سەر ژینگە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا گرتنە بەری ڕێوشوێنی کەم کردنەوەی پیسکەرەکان بووەتە هۆی کەم بوونەوەی ترشەباران.
ترشەباران و ژیانی ڕووەکەکان
هەندێک لە کۆمەلە ڕووەکییەکان بە تێپەڕبوونی کاتێکی دوور و درێژ خۆیان گوونجاندووە لەگەڵ بڕی ترشێتی خاکدا و تیایدا گەشە دەکەن، ترشە باران دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشێتی خاک و لە ئەنجامدا هاوسەنگی کیمیای خاک بە زۆر ڕێگە دەگۆڕێ، لە کاتی زیادبوونی ترشێتی خاکدا هەندێک لەو ڕەگەزە خۆراکییانەی کە پێویستن بۆ گەشەی ڕووەک ئەوا لەگەڵ باراناودا ڕادەماڵدرێن، جگە لەمانەش ترشێتی زیاد لە خاکدا دەبێتە هۆی دەرپەڕاندنی ئایۆنەکانی ئەلەمنیۆم و ئایۆنەکانی کانزا ژەهراوییەکان کە ڕەگی ڕووەک بەناچاری هەڵیاندەمژێت و پاشان ڕووەکەکان دەمرن، ترشە باران بووەتە هۆی لەناوبردن و وێرانکردنی چەندان پانتایی دارستان لە جیهاندا بە تایبەتی لە ئەوروپای رۆژهەڵاتدا.
ترشە باران و سیستەمە ئاوییەکانی ژینگە
زیندەوەرە ئاوییەکان خۆیان گونجاندەوە لە ناو ئەو ئاوانەی کە ڕێژەیەکی دیاریکراو ترشێتیان تێدایە بەڵام ئەگەر ترشە باران ببێتە هۆی زیادبوونی ڕآدەی ترشێتی دەریاچەیەک یان ڕووبارێک ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کوشتنی ڕووەکە ئاوییەکان و ماسییەکان و زیندەوەرانی دیکەی ئاوی بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا کە بەفرە ترشە کەڵەکەبووەکانی زستان دەتوێنەوە و لە ئەنجامدا لە ناکاوە ئاوی دەریاچە و ڕووبارەکان ترش دەبن، بەو گۆڕانە خێرایەی کە لە ناکاودا لە ترشێتی پانتاییە ئاوییەکاندا ڕوودەدات ناودەبرێت بە تاسانی ترشێتی کە زۆر بە خراپی کاردەکاتە سەر ژیانی ماسییەکان و تەنانەت هێلکەکانی ماسی و وشکاوەکییەکانیش لەناودەبات، هەندێک لە کۆمەڵگاکانی جیهانی لە پێناو کەم کردنەوەی کاریگەری ترشە باران هەڵدەستن بە پڕژاندنی هاڕاوەی تفت (قسل) بەسەر ڕووبەرە ئاویەکاندا بۆ کەم کردنەوەی رێژەی ترشێتی، چونکە قسل تفتە و کاریگەری ترشێتی لە ناو ئاودا لادەبات.